لەسەر داوای خێزانەکانیان، تەرمی 18 شەڕڤانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە لە ساڵی 2016دا لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری منبج لە دەستی چەکدارانی داعش شەهید ببوون، لە گۆڕستانی منبجەوە گەڕێندرانەوە بۆ شاری کۆبانێ.
ئەنجوومەنی ماڵباتی شەهیدان ڕایگەیاند، گۆڕستانی شەهیدانی منبج بەهۆی هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا (ئۆپۆزسیۆنی نزیک لە تورکیا) بۆ سەر شارەکە خاپوور کرابوو؛ هەر بەم هۆیەشەوە و لەسەر داخوازیی بنەماڵەکانیان، تەرمی ئەو 18 شەڕڤانە گواستراونەتەوە بۆ کۆبانێ.
مەراسیمی پێشوازیکردن و بە خاکسپاردنەوەی تەرمی شەڕڤانان بە بەشداریی هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە)، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و جەماوەرێکی زۆری ناوچەکە بە ساتێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد.
لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا، دڵبرین کۆبانێ، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە کۆبانێ گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، هاوڕێکانیان زوڵم و ستەمیان قبووڵ نەکرد و لە پێناو ئازادیدا گیانی خۆیان بەختکرد.
ئەو فەرماندەیەی یەپەژە جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە پاراستنی دەستکەوتەکانی شەهیدانیان و بە هیچ شێوەیەک تەسلیمبوون قبووڵ ناکەن.