یاسادانەرانی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، لە نامەیەکی هاوبەشدا داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن ڕێگە نەدات تورکیا بگەڕێتەوە ناو بەرنامەی فڕۆکەی جەنگیی F-35، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کۆنگرێس لە پشووی فەرمیی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکادایە.
10 ئەندامەکەی کۆنگرێس لە نامەکەدا وەبیری دەهێننەوە کە خودی ترەمپ لە ساڵی 2019دا ئەنقەرەی لە بەرنامەکە دوورخستەوە دوای کڕینی سیستەمی S-400ی ڕووسی.
ئەوان جەخت دەکەنەوە تا تورکیا بە تەواوی دەستبەرداری ئەو سیستەمە نەبێت، نابێت فڕۆکەی F-35ی پێبفرۆشرێت، بەتایبەت کە یاسایەکی ساڵی 2020یش پشتبەستی بەم قەدەغەکردنە کردووە.
یاسادانەران دەڵێن هەڵوێستەکانی ئەمدواییەی ئەنقەرە متمانەی تورکیای وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ خستووەتە ژێر پرسیارەوە. نامەکە لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت و پێشتر ترەمپ ئاماژەی بە دڵخۆشکردنی ئەردۆغان دابوو.
هاوکات کۆنگرێس نیگەرانیی لە لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەربڕیوە کە وتبووی ئیسرائیل بووەتە "بارێک بۆ سەر مرۆڤایەتی."