ڕاستەوخۆ

وەزارەتی دادی سوریا: دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ڕوداوەکانی سویدا دەستی پێکرد

reset font size increase font size

وەزارەتی دادی سوریا دەستپێکردنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکانی سوەیدای ڕاگەیاند؛ سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەش دەڵێت، "لێپرسینەوە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تاوانەکەیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە، بەبێ گوێدانە پلە، پێگە یان ئەو لایەنەی سەر بەو کارانەن."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە لەلایەن سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی سوەیدا سەر بە وەزارەتی دادی سوریا بڵاوکراوەتەوە، لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەکان بەردەوامن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاساییەکان لەسەر بنەمای ئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەو لیژنەیەی کە بە بڕیاری ژمارە (1287)ی وەزیری داد لە 31ی تەممووزی 2025 بۆ بەدواداچوونی پێشێلکارییەکانی ناوەڕاستی تەممووزی 2025 پێکهێنرابوو.

گرنگترین خاڵەکانی ڕاگەیەندراوەکە:

دەستپێکردنی دادگاییکردنی ئاشکرا: داواکاری گشتیی سەربازی دەستی کردووە بە ڕەوانەکردنی ژمارەیەک لە تۆمەتباران بۆ لای دادوەری لێکۆڵینەوە. هاوکات هەندێک لە دۆسیەکان ڕەوانەی دادگای تاوانە سەربازییەکان لە دیمەشق کراون و لە 1ی تەممووزی 2026ـەوە دانیشتنەکانی دادگا بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی تۆمەتباران و پارێزەرەکانیان دەستی پێکردووە.

شەفافیەت و مافی بەرگری: لیژنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاشکرابوونی دادگاییکردنەکان و دەستەبەرکردنی مافی بەرگری، دوو کۆڵەکەی سەرەکین لە ڕەوتی دادپەروەریدا، کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونە بە شەفافیەت و سەروەریی یاسا، و متمانە بە ڕێوشوێنە دادوەرییەکان بەهێزتر دەکات.

سەروەریی یاسا و مافی مرۆڤ: ئامانجی سەرەکی لەم ڕێوشوێنانە، لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و لێپرسینەوەیە لە هەر کەسێک کە بەرپرسیاریەتیی لە پێشێلکارییەکاندا بسەلمێنرێت، بەبێ گوێدانە سیفەت یان ئەو لایەنەی کارەکەی پێ نیسبەت دراوە؛ بەمەش پرەنسیپی یەکسانی لەبەردەم یاسادا دەچەسپێت و مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی هاووڵاتییان دەپارێزرێت.

بایەخدان بە دۆسیەی 'المتونة': لیژنەکە ڕایگەیاندووە کە بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو دۆسیانە دەکات کە ڕەوانەی داواکاری گشتیی سەربازی کراون، بەتایبەتی ئەو دۆسیەیەی پەیوەندی بە ڕووداوەکەی ناوچەی "المتونة"وە هەیە کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل، ئەمەش لە پێناو دەرخستنی ڕاستییەکان و چەسپاندنی دادپەروەری.

ئەم ڕێوشوێنە دادوەرییانە دوای ئەوە دێن کە پارێزگای سوەیدا لە ناوەڕاستی ساڵی 2025دا، شاهیدی زنجیرەیەک گرژی و پێشێلکاریی توندوتیژ بوو، کە حکومەتی سووریا بۆ لێکۆڵینەوە لێیان شێوازێکی یاسایی گرتەبەر و ئەم ڕاگەیەندراوەش لە 3ی تەموزی 2026 وەک قۆناغێکی نوێی یەکلاییکردنەوەی دادوەریی دۆسیەکان بڵاوکرایەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.