دوای ماوەیەک لە نادڵنیایی لە بازاڕی ئارد و نان، وەزارەتی ناوخۆی ئێران و لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی نانیان لە تاران و پارێزگاکانی دیکە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند؛ بڕیارێک کە نیگەرانیی قووڵی هاووڵاتییانی لەبارەی زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ڕووداو، نرخەکان لە تاران گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆوە بینیوە؛ نرخی نانی ئاسایی بۆ دوو هەزار و 700 تمەن بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا نرخی یەک نانی بەربەری گەیشتووەتە 10 هەزار تمەن، ئەمەش واتا نرخەکەی بە ڕێژەی 100٪ (لەسەداسەد) زیادی کردووە.
کەمکردنەوەی کێشی نان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
شەپۆلی گرانبوونی نان پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، نرخی هەر نانێکی ئاسایی لەو ناوچانە بۆ نزیکەی دوو هەزار تمەن بەرزبووەتەوە.
هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بەدەست گرانیی نرخەوە ناڵێنن، بەڵکو دەڵێن: "جگە لە گرانبوونی نرخەکەی، کێش و قەبارەی نانەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکراونەتەوە."
هۆکاری گرانبوونەکە چییە؟
بەرپرسانی حکومەتی ئێران و سەندیکاکانی نانەواکان ڕەتیدەکەنەوە ئەم گرانبوونە پەیوەندیی بە نرخی ئاردەوە هەبێت. ئەوان هۆکاری سەرەکیی بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێننەوە:
حەقدەست: بەرزبوونەوەی کرێی دەستی کرێکارانی نانەواخانەکان بە ڕێژەی 60٪.
تێچووی بەرهەمهێنان: زیادبوونی تێچووی بیمە و کرێی مانگانەی دوکانەکان.
وزە: گرانبوونی نرخەکانی ئاو، کارەبا و گاز.
کێشەیەکی دیکەی هاووڵاتییان: سەرەڕای گرانبوونی نرخەکان، لە چەندین ناوچە سیستمی سنووردارکردنی بڕی کڕینی نان بۆ هەر خێزانێک پەیڕەو دەکرێت، ئەمەش کێشە و ئاستەنگی زیاتری بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست کردووە.