هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، هەنگاوی پەکەکە بۆ سوتاندن و دانانی چەک مێژوویی بووە و لە ئێستاشدا ئەرکی حکومەتی تورکیایە کە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. هاوکات بڕیارە سبەی شاندی ئیمڕالی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی ئاکپارتی کۆببێتەوە.
تولای هاتیمئۆغلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە میانەی کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی حزبەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە پێویستە یاسای چوارچێوەی چارەسەری گشتگیر بێت و سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراتیک لە وڵاتدا واڵا بکرێن.
هاتیمئۆغلاری لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە دا و ڕەخنەی لە بڕیارەکانی لوتکەی ناتۆ گرت کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو؛
ئەو گوتی: "لە کاتێکدا جیهان بەدەست قەیرانی مرۆیی و برسێتییەوە دەناڵێنێت، ناتۆ بڕیاری لەسەر قووڵکردنەوەی جەنگ و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان داوە."
هاوکات هۆشداریی دا لەوەی گەرووی هورمز بووەتە چەق و ناوەندی سەرەکیی گرژییەکان و لە ئێستاشدا "تورکیا پەلکێشی شەڕێک دەکرێت کە هیچ پەیوەندییەکی پێوە نییە."
لە چوارچێوەی هەوڵە چڕوپڕەکان بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چارەسەری، بڕیارە سبەی شاندی ئیمڕالی کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ئەنجام بدات.
بەپێی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان دەبێت بۆ تاوتوێکردنی چوارچێوەی یاساییی پڕۆسەکە و ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی شاندی ناوبراو بۆ دوورگەی ئیمڕالی بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.