بڕیارە سبەی سێشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
بێستوون فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایانگەیاند، ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەبێت. بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، سەردانەکە لە چوارچێوەی ڕاوێژە بەردەوامەکانی تارانە لەگەڵ بەغدا و هەولێر، بە مەبەستی فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، سەرۆکی یەکێتی لەم سەردانەیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرز لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دەدات.