وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند کە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە پارێزگای کەرکووک، سێ سەرباز بریندار بوون، ئەمەش پاش تێپەڕبوونی تەنها یەک ڕۆژ بەسەر بۆردومانی ئاسمانیی پێگەکانی داعش لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکە، کاتێک هێزێکی فیرقەی ١١ بەرەو ناوچەی وادی ئەلشای چوون بۆ پشکنین و بەدواداچوون دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکان ناوچەکەیان بۆردومان کردبوو، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی جۆری هامەردا تەقییەوە.
سەربازە بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە. ئەم رووداوە دوای ئەوە هات کە هێزی ئاسمانیی عێراق ڕۆژێک پێشتر هەشت پەناگەی گوماناویی داعشی لەو ناوچەیە کردبووە ئامانج.