کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی توانیویانە مەترسییەکانی سەر ئازادیی کەشتیوانی بۆ نەوتهەڵگرەکان کەم بکەنەوە و کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بگرنە دەست.
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، پرۆسەی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز لە کاتەکانی شەودا و بە چاودێری و یاوەریی ڕاستەوخۆی کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
کریس ڕایت جەختی کردەوە، واشنتن توانیویەتی ئەو کارتی گوشارە لە دەستی ئێران دەرهێنێت کە بۆ ئاستەنگکردنی جووڵەی بازرگانی بەکاری دەهێنا، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد سەرجەم ئامارەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان زانیاریی وردن و خەمڵاندن نین.
لە بارەی هەڕەشەکانی تاران و ئایندەی بازاڕی وزەوە، کریس ڕایت ڕوونی کردەوە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران گرژیی کاتییان دروستکردووە، بەڵام لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمزەوە زیاد دەکات و بۆریی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای سعودییەش بەم نزیکانە دەکەوێتەوە کار.