ڕاستەوخۆ

کلارا کۆبانێ: رێگە نادەین دەستکەوت و ئیرادەی ژنانی کورد پشتگوێ بخرێت

reset font size increase font size

فەرماندەیەکی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە ڕایدەگەیێنێت، جێگیرکردنی پێگەی یەپەژە لە پێکهاتەی نوێی بەرگریی سوریادا، پرسێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ئیرادەی ژنان و دیمۆکراتیزەکردنی وڵات؛ هۆشداریش دەدات کە پشتگوێخستنیان پرۆسەی گۆڕانکاریی سیاسی و سەربازی لە سوریا پەکدەخات.

دوای ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا بۆ بنیاتنانی سوپایەکی نوێ، هێشتا پێگەی فەرمیی یەپەژە لە نێو وەزارەتی بەرگریی نوێدا بە نادیاری ماوەتەوە.

سەرڕای ئەوەی لە مانگی نیسانی ڕابردوودا شاندێکی یەپەژە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتی کۆبوونەوە، بەڵام دۆسیەی یەکگرتنەوەکە هیچ پێشڕەوییەکی کۆنکرێتی بەخۆوە نەبینیوە.

کلارا کۆبانێ، فەرماندەی یەپەژە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، قبووڵکردنی یەپەژە لە نێو سیستمی بەرگریی داهاتووی سوریادا تەنیا پرسێکی سەربازی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ناسنامە و دیمۆکراتییەتەوە.

گوتیشی: "یەپەژە بە دەنگ، ڕەنگ و ناسنامەی تایبەتی خۆیەوە، هێزێکی بنەڕەتیی سیستمی سەربازیی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە."

ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی یەپەژە لە شەڕی دژی داعش و ڕزگارکردنی ناوچە جیاوازەکان وەک ڕەقە و شنگال بە سەرکردایەتیی ژنان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کەمپەینە نێودەوڵەتی و خۆجێییەکانی پشتگیری لە یەپەژە نیشانەی ئەوەن کە ژنان ئەم هێزە وەک نوێنەری ئیرادەی خۆیان دەبینن.

له‌ کۆتاییدا، کلارا کۆبانێ هۆشداریی دا کە "قبووڵنەکردنی یەپەژە بە واتای بە ناتەواوی هێشتنەوەی پرۆسەی یەکگرتنەوەی دیموکراتیانەی وڵات دێت،" و دووپاتی کردەوە کە ئەوان تەنیا بۆ چەکداری دروست نەبوون، بەڵکو بۆ گۆڕینی عەقڵییەتی باوکسالاری خەبات دەکەن و لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بێت، میرات و دەستکەوتەکانی ژنانی کورد دەپارێزن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.