کچێکی گەنجی خەڵکی پیرانشار بە ناوی نیلوفەر عەتا موجاوەر، تەمەن ٢٧ ساڵ، دوای ئەوەی لەلایەن پیاوێکەوە ئەشکەنجە درا، توندوتیژیی جەستەیی بەرانبەر کرا و دەستدرێژی کرایە سەر، لە نەخۆشخانە مێشک مرد وخێزانەکەی بڕیاریان دا ئەندامەکانی جەستەی بۆ نەخۆشانی پێویست ببەخشن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیلوفەر لە کاتی کارکردندا چاوی بە پیاوێک بە ناوی سەید عیزەدین سەید تاهیر، تەمەن ٤١ ساڵ کەوتووە.
تۆمەتبارەکە پاش نزیکەی مانگێک پەیوەندیی تەلەفۆنی، بە بەڵێنی هاوسەرگیری نیلوفەری ڕازی کردووە شەوێک ماڵی خێزانەکەی جێهێڵێت و بردوویەتی بۆ شوێنێکی دوورەدەست.
ناوبراو بۆ شاردنەوەی کارەکەی، درۆی لەگەڵ خێزانی نیلوفەر کردووە و پێی وتوون کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوسەرگیرییەکەیان فەرمی دەکات، بەڵام لەو ماوەیەدا لە دەرەوەی پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری، توندوتیژیی توندی دەروونی و جەستەیی بەرانبەر بەکارهێناوە.
دوای نزیکەی ١٢ ڕۆژ، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە، سەید تاهیر لە ۳۱ی ئابی ٢٠٢٦ نیلوفەری گەیاندووەتە بنکەیەکی پزیشکی لە گوندی ئەندێزە لە نزیک پیرانشار.
ناوبراو لەوێ درۆی کردووە و وتویەتی ئەوان هاوسەری یەکترن و نیلوفەر لە ڕووداوی هاتوچۆدا بریندار بووە.
دوای ئەوەی نیلوفەر بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، تۆمەتبارەکە بە بەهانەی هێنانی بەڵگەنامە نەخۆشخانەی جێهێڵووە و هەڵاتووە.
بەرپرسانی نەخۆشخانە پەیوەندییان بە خێزانی نیلوفەرەوە کردووە و دۆخەکەیان پێ ڕاگەیاندوون.
کەسوکارەکەی ڕایانگەیاندووە کە لجەستەی نیلوفەر شوێنەواری لێدانی قورس و سووتانی پێوە دیار بووە.
پزیشکان پێیان ڕاگەیاندوون کە لێدانێکی توند بە سەری کەوتووە و ئەوەش بووەتە هۆی لەدەستدانی تەواوی توانای مێشکی (مێشک مردن).
پاش ئەوەی پزیشکان دڵنیا بوونەوە لەوەی نیلوفەر هیچ هیوایەک بە ژیانەوەی نییە، خێزانەکەی بڕیاریان دا ئەندامەکانی جەستەی ببەخشن.
بڕیار وابوو ئەندامەکانی لەشی نیلوفەر لە ڕۆژی هەینی، ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ورمێ بە نەخۆشانی پێویست ببەخشرێن.
سەرەڕای ئەوەی خێزانی نیلۆفەر سکاڵای یاساییان دژی سەید تاهیر تۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا تۆمەتبارەکە دەستگیر نەکراوە و لە ڕووداودا هەڵاتووە.