سپێدە قولیان، چالاکوانی ناسراوی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی ئێران، دوای تەواوکردنی ماوەی سزادانەکەی، ڕۆژی شەممە (30ی ئایار) لە بەندیخانەی وەکێلئاوای مەشهەد ئازادکرا.
سپێدە لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، لە کاتی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی حەفتەی کۆچی دوایی خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا دەستبەسە کرابوو.
سپێدە قولیان ڕاستەوخۆ دوای ئازادبوونی، بە چەپکە گوڵێکەوە چووە سەر مەزاری خەسرەو عەلیکوردی.
لەوێدا، خەباتی بەردەوامی کۆمەڵگەی ئێرانی بە ئەفسانەی "سیزیف" شوبهاند؛ ئەو فیگەرە ئەدەبیەی کە لەلایەن خوداوەندەکانەوە سزادرا بەوەی بەردێکی گەورە بەرێتە سەر لوتکەی چیایەک، بەڵام هەر کاتێک دەگەیشتە لوتکە، بەردەکە سەرەوخوار دەبووەوە.
چەندین جار گرتن و ئازادکردن
سپێدە قولیان تەمەنی31ساڵە و خەڵکی خوزستانە، خوێندکاری کۆلێجی پزیشکی ئاژەڵان بوو، بەڵام لە تەمەنی 24 ساڵییەوە و لە دوای بەشداریکردنی لە خۆپێشاندانەکانی کرێکارانی کۆمپانیای شەکر لە حەفتتەپە، زۆربەی ژیانی لە پشت شیشەکانی بەندیخانەوە بەسەر بردووە.
یەکەم دەستبەسەرکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ئاداری 2017 بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پیسبوونی ژینگەی ئەهواز و گواستنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی خوزستان.
لەو کاتەوە، ژیانی سپێدە بووە بە زنجیرەیەکی بەردەوام لە گرتن، ئازادبوونی کاتی و دووبارە دەستبەسەرکردنەوە.
لە ئاداری 2023دا، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئازادبوونی لە بەندیخانەی ئێڤین، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە تێیدا بە جلی بەلوچییەوە دژی دەسەڵاتی ئێران دروشمی دەوتەوە.
هێزە ئەمنییەکان چەند کاتژمێرێک دواتر لەسەر ڕێگای تاران-خوزستان ئۆتۆمبێلی خێزانەکەیان گەمارۆدا و دووبارە دەستبەسەریان کردەوە.
دانپێدانانی زۆرەملێ و ڕووبەڕووبوونەوەی دادگا
سپێدە قولیان و ئیسماعیل بەخشی، لە ساڵی 2018دا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توند بوونەوە بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگیرێت.
دواتر لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران (IRIB) بە ناوی "پلانە سووتاوەکە" کە لەلایەن "ئامەنە سادات زەبیحپوور"ەوە پێشکەش دەکرا، دانپێدانانەکانیان بڵاوکرایەوە.
سپێدە یەکێک بوو لەو کەسانەی کە سکاڵای یاسایی لە دژی زەبیحپوور تۆمارکرد و ڕایگەیاند کە ئەو ڕۆژنامەنووسە خۆی لە ژووری ئەشکەنجەدانەکەدا ئامادە بووە.
بەڵام دەرەنجامەکە پێچەوانە بووەوە؛ زەبیحپوور سکاڵای لە دژی سپێدە تۆمارکرد و دادگا سزای 8 مانگ زیندانی دیکەی بەسەر سپێدەدا سەپاند، بەهۆی ئەوەی بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە دادگا ئامادە ببوو.
بوون بە دەنگی زیندانیان
یەکێک لە گرنگترین وێستگەکانی چالاکییەکانی سپێدە، گێڕانەوەی ڕەوشی نێو بەندیخانەکان بوو.
ئەو لە ڕێگەی دوو کتێب و چەندین بابەتی بڵاوکراوەوە، پەردەی لەسەر ئەو پێشێلکارییە قورسانە لادا کە دژ بە ژنانی بەندکراوی نایاسایی و تۆمەتبارانی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە بەندیخانەکانی "سپیدار" لە ئەهواز و بەندیخانەی "بوشەهر" ئەنجام دەدران.
لەوانە ئەشکەنجەی دەروونی، ناچارکردن بە هاوسەرگیریی کاتی (سیغە) لەگەڵ دەوڵەمەندەکان، و بێبەشکردن لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکان.
کۆچی دوایی گومانئاوی پارێزەرەکەیان و دوایین سزا
لە کانوونی یەکەمی 2026، خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری ناسراوی کەیسە سیاسییەکان بە شێوەیەکی گوماناوی کۆچی دوایی کرد.
دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند کە هۆکارەکەی جەڵتەی دڵ بووە، بەڵام خێزانەکەی و چالاکوانان گومانیان لە ڕووداوەکە هەبوو.
لە کاتی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی عەلیکوردی لە مەشهەد، سپێدە قولیان لەگەڵ چەندین چالاکوانی دیکەی وەک نێرگس محەمەدی و عاتیفە چوارمەحالی دەستبەسەر کران.
سپێدە بەو هۆیەوە سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و ڕەوانەی بەندیخانەی وەکێلئاوا کرا.
سپێدە قولیان لە دوایین پەیامیدا دوای ئازادبوونی نووسیویەتی:
"هەست دەکەم بە شێوەیەکی سەیرو وەک سیزیف، خوداوەندەکان سزایان داوین بەوەی بەردێک بەرینە سەر گردەکە... ئەرکی قورسمان هەڵگرتنی ڕاستییە."
ئەو جەختی کردووەتەوە کە هێشتا دڵی لەناو بەندیخانەدایە لای هاوڕێکانی و هەرگیز ئەوان فەرامۆش ناکات.