بڕیارە لە شارەکانی تاران، قوم و مەشهەد ڕێوڕەسمی بەرفراوانی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەبچێت، کە لە هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە 28ی شوباتدا کوژرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، محەممەد ئەمین تەوەکولی زادە، جێگری سەرۆکی شارەوانیی تاران بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ڕایگەیاندووە کە هێشتا ڕێکەوتی وردی دەستپێکردنی مەڕاسمەکە دیاری نەکراوە بەڵام پێشبینی دەکرێت تەنیا لە تاران پڕۆسەی بەڕێکردنی تەرمەکە لانیکەم 24 کاتژمێر بخایەنێت.
دوای ئەوەش تەرمەکەی دەگوازرێتەوە بۆ شاری قوم وەک یەکێک لە پیرۆزترین شارەکانی شیعە و ناوەندێکی گەورەی ئاینی و پاشان بە مەبەستی بەڕێوەبردنی مەڕاسمێکی هاوشێوە ڕەوانەی شاری مەشهەد دەکرێت.
تەوەکولی زادە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوای ڕاگەیاندنی وردەکارییەکانی پڕۆگرامەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بڕیارە تەرمی خامنەیی لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا لە شاری مەشهەد وەک وێستگەی کۆتایی بە خاک بسپێردرێت.
ئەمەش دوای ئەوەی لە یەکەم ساتەکانی دەستپێکردنی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆشک و شوێنی نیشتەجێبوونی ڕێبەری پێشووی ئێران لە شەقامی فەلەستین لە تاران کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا خۆی و هاوسەرەکەی، بووکەکەی و نەوەیەکی تەمەن 14 مانگی پێکەوە گیانیان لەدەستدا.