شاندێکی باڵای کارگێڕی و ئابوری پارێزگای کرماشان، لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی پلانی "بەڕێوەبردنی یەکگرتوو" کردەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆتین، ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی دەسەڵاتەکان و خێراکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەرپرسانی ئابوری و گومرگی کرماشان، لەوانە مەحمود ڕەشیدی ئەغدەم و ڕەزا نیکروش، ڕایانگەیاند کە چاکسازی لە پێکهاتەی کارگێڕی مەرزەکە و کەمکردنەوەی کاتی ڕاییکردنی مامەڵە گومرگییەکان ئەولەویەتێکی جددییە بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان و بوژانەوەی ئابووری ناوچەکە.
هاوکات محەمەد شەفیعی، قایمقامی قەسری شیرین جەختی لەوە کردەوە کە لەم قۆناغەدا تەنیا گوتار بەس نییە و دەبێت بە کردار هاندەری زیاتر بۆ بازرگانان دروست بکرێت، چونکە مەرزی پەروێزخان پێگەیەکی ستراتیژیی هەیە لە ڕەخساندنی هەلی کار و پەرەپێدانی بازرگانی دەرەکیدا.
گوتیشی؛ "لە جەنگی ئابووریدا کەسێک سەرکەوتووە کە بتوانێت ڕەزامەندیی خەڵک بەدەستبهێنێت؛ بۆیە لە دەروازەی پەروێزخان دەبێت هەمووان بیرکردنەوەی خۆیان نوێ بکەنەوە، ئاسانکاری بکەنە ئەولەویەت و بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازی لە بازرگانان بکەن."
دەروازەی پەروێزخان بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی و هاوسنووریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کاردا دەگێڕێت و ئەم هەوڵانەش بۆ تێپەڕینە بەرەو بەڕێوەبردنێکی زیرەک و یەکگرتوو.