فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیێنێت، پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک و ڕێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەییەکە ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی ستراتیژێکی نوێدا، هەموو چەک و سەربازگەکان لە سامەڕا دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، هەروەها هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە وابەستەییی سیاسیی هێزە چەکدارەکان و ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی شارەکان بە وەزارەتی ناوخۆ.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، نەعمان جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە هاوتەریبە لەگەڵ چەسپاندنی پێگەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک "کۆڵەکەیەکی دەستووریی دانەبڕاو"، بەمەش حکومەتی فیدراڵی جارێکی دیکە تایبەتمەندیی یاسایی پێشمەرگەی لە چوارچێوەی دەستووردا پشتڕاست کردەوە.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کۆتایی ئەیلوولی داهاتوو، قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی دووقۆڵی دەستپێدەکات.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە بڕیاری ئەمنی تەنیا لە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە و عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت یان دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیدا بکرێت.