لە درێژەی ئاڵۆزی و ململانێ ناوچەیییەکاندا، شەوی ڕابردوو ئێران هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر چەند شارێکی ئوردن، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، هێرشەکە هیچ زیانێکی مادی و مرۆیی لێنەکەوتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئوردن بڵاوی کردەوە که کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ١٣ مووشەک خاکی ئوردنی کردووەتە ئامانج. لە کاتی هێرشەکەدا، زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە شاری عەقەبە لێدراوە و دانیشتووانی شارەکانی مافەق و ئەزرەقیش ئاگادار کراونەتەوە.
سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئوردن توانیویەتی بە سەرکەوتوویی بەرەنگاری هێرشەکە ببێتەوە. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی ١٣ مووشەکەکەی ئێران، ١٠ مووشەک لە ئاسماندا پووچەڵ کراونەتەوە و ٣ مووشەکەکەی دیکەش لە ناوچەی دوورەدەستدا کەوتوونەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان مادی لێ بکەوێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران هیچ زیانێکی بە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە نەگەیاندووە.