پرسی چەکدارانی نەتەوەی ئۆیغوور (کەمینەیەکی موسڵمانن لە چین) بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی نوێی سوریا و دەسەڵاتدارانی پەکین. لە کاتێکدا پەکین فشاری توند دەکات بۆ ڕادەستکردنەوەیان، چەکدارانی ئۆیغوور کە بەشداربوون لە کاریگەریان لە شەڕی دژی ڕژێمی بەشار ئەسەدا، خەریکی جێگیربوونی هەمیشەیین لە سوریا.
نیشتەجێبوونی 20 هەزار ئۆیغوور لە سووریا
بەپێی ڕاپۆرتێکی بەدواداچوونی ڕادیۆی (NPR)ی ئەمریکی، لە ئێستادا نزیکەی 20 هەزار هاووڵاتیی ئۆیغووری لە سووریا نیشتەجێن. ئەوان سەرەتا بەهۆی بەشداریکردن لە شەڕی دژی بەشار ئەسەد ڕوویان لەو وڵاتە کردبوو، ئێستا بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگەکە خانوویان بونیاد ناوە، نانەواخانە و کارگەی بچووک بەڕێوەدەبەن و منداڵەکانیان لەو قوتابخانانە تۆمار کردووە کە بە زمانی عەرەبی دەخوێنن.
مەمەتجان جوما، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی هەواڵی ئۆیغووری ڕایگەیاندووە کە چین بە ترسی لەوە هەیە ئەم چەکدارانە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو ئەزموونی شەڕەی لە سوریا دژی ئەسەد (کە هاوپەیمانی پەکین بوو) وەریانگرتووە، بگوازنەوە بۆ ناو خاکەکەی خۆیان و دەسەڵاتی کۆمۆنیستی چین بڕوخێنن.
ناکۆکیی شەرع و پەکین پاداشت یان ڕادەستکردنەوە؟
لە ئێستادا ئۆیغوورییەکان گەورەترین گرووپی چەکداری بیانی لە سوریا پێکدەهێنن. بەشداری شەرەکانیان کردوە لە سوریا، وایکردووە حکومەتی کاتیی سوریا بە سەرۆکایەتی "ئەحمەد شەرع" (کە خۆی سەرۆکی پێشووی گروپێکی چەکدار بوو)، نەتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداریان بێت. لە کاتێکدا چین داوای ڕادەستکردنەوەی سەرجەم ئۆیغوورییەکان دەکات، ئەحمەد شەرع دەیەوێت وەک پاداشتی دڵسۆزییان، ئەوان لە ناو سوپای نوێی سوریادا جێگیر بکات.
پەکین، چەکدارانی ئۆیغووری و "پارتی ئیسلامی تورکستانی" لە سوریا وەک درێژکراوەی "بزووتنەوەی ئیسلامی تورکستانی ڕۆژهەڵات" دەبینێت کە ڕێکخراوێکی نزیک لە قاعیدە و تالیبانە و لە لایەن چینەوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە.
چەکدار یان پەنابەر؟
مێژووی هاتنی ئۆیغوورییەکان بۆ سوریا بۆ ساڵی 2011 و سەرەتای شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە ڕێگەی ئاسیای ناوەڕاست و سنوورەکانی تورکیاوە خۆیان گەیاندە باکوری ڕۆژئاوای سوریا.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو ئۆیغوورییەکانی سووریا چەکدار نین، بەڵکو زۆربەیان وەک پەنابەر و لە ترسی چەوساندنەوە و سەرکوتکارییەکانی حکومەتی چین پاش پشێوییەکانی شاری ئورومچی لە ساڵی 2009، لەگەڵ خێزانەکانیاندا ڕوویان لە سووریا کردووە، چونکە لەوێ هاوکاری کراون بۆ دابینکردنی خانوو و قوتابخانە.
ژیان لەژێر سێبەری ترسی پەکیندا
سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکان، ئۆیغوورییەکان لە سوریا هێشتا لەژێر جۆرێک لە ترسدا دەژین. ئەوان ناتوانن بە ئاشکرا باسی چەوساندنەوەی گەلەکەیان لە چین بکەن، چونکە دەترسن حکومەتی چین تۆڵە لە کەسوکارەکانیان لە هەرێمی شینجیانگ (تورکستانی ڕۆژهەڵات) بکاتەوە، یان لە ڕێگەی فشاری دیپلۆماسییەوە حکومەتی دیمەشقی نوێ ناچار بە ڕادەستکردنەوەیان بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئێستادا زۆربەی ئۆیغوورییەکان سوریا وەک نیشتمانی نوێی خۆیان دەبینن، چونکە پێیان وایە لەم قۆناغەدا لە ژێر چەوساندنەوەی دەسەڵاتی چین ڕزگاریان بووە و دەتوانن بەبێ دەستوەردانی دەوڵەت، ژیانی ئاسایی و ڕێوڕەسمە ئاینییەکانی خۆیان بەڕێوەببەن.