ڕاستەوخۆ

ڕێکخراوی هەنگاو: زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتیی کورد لە شەش مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون

reset font size increase font size

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕاپۆرتی گشتگیر و ئاماریی خۆی تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژ بە هاووڵاتییانی کورد لە ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا بڵاوکردەوە، کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی و دەستبەسەرکردنەکان لە لایەن دامەزراوە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

بەپێی داتا فەرمییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لەم ماوەیەدا چەندین پێشێلکاریی بەربڵاو تۆمارکراون:

1. جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، لانی کەم 46 بەندکراوی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا لەسێدارەدراون، کە تەنیا لە دوو مانگی ڕابردوودا 36 کەسیان جێبەجێکراوە. ئەم ڕێژەیە دەگاتە 12%ی کۆی گشتیی لەسێدارەدانەکان لە تەواوی ئێراندا کە 385 حاڵەت بووە.

لە نێو سێدارەدراوەکانی کورددا، 8 زیندانیی سیاسی و بیروباوەڕ هەبوون بە ناوەکانی: ناسر بەکرزادە، میحراب عەبدوڵڵازادە، ڕامین زلە، کەریم مەعرووفپوور، ئەشکان مالکی، میهرداد محەمەدینیا، ئەرسەلان شێخی و ئامانج کاروانچی.

تۆمەتەکان: 8 کەس سیاسی و سیخوڕی، 24 کەس کوشتنی ئەنقەست، 10 کەس ماددەی هۆشبەر، و 2 کەس بە تۆمەتی نێربازی (لواط).

دابەشبوون بەسەر پارێزگاکاندا: زۆرترین حاڵەت لە کرماشان بووە بە 16 حاڵەت، دوای ئەو ئورمیە بە 13 حاڵەت، سنە بە 11 حاڵەت، و پارێزگاکانی دیکەش بە گشتی 6 حاڵەت.

2. قوربانیانی خۆپێشاندانەکان

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ بەسەر خۆپێشاندانەکانی مانگی دێی ساڵی ڕابردوودا، هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی 290 هاووڵاتیی کورد ئاشکرا بکات کە لەو خۆپێشاندانانەدا گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە، 284 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، 2 کەس لەژێر ئەشکەنجەدا، 2 کەس دوای دەستبەسەرکردن لەسێدارەدراون، و 2 کەسی دیکەش دوای 4 مانگ ژیانی شاراوە هێرش کراوەتە سەریان و کوژراون.

پۆلێنکردنی گیانلەدەستدراوان: لانی کەم 23 منداڵی خوار 18 ساڵ (کە 4یان کچ بوون)، 24 ژن، 11 خوێندکاری زانکۆ (کە 4یان ژن بوون)، و 3 مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ لە نێو گیانلەدەستدراواندا بوون.

دابەشبوونی جوگرافیی گیانلەدەستدراوانی خۆپێشاندانەکان بەپێی پارێزگاکان:

پارێزگای تاران: 92 حاڵەت

پارێزگای کرماشان: 89 حاڵەت

پارێزگای ئەلبورز: 36 حاڵەت

پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی: 24 حاڵەت

پارێزگای ئیلام: 11 حاڵەت

پارێزگای خۆراسانی باکوور: 10 حاڵەت

پارێزگای گێڵان: 7 حاڵەت

پارێزگای قەزوین: 6 حاڵەت

پارێزگای لوڕستان: 4 حاڵەت

پارێزگای هورموزگان: 3 حاڵەت

پارێزگاکانی کوردستان (سنە)، مەرکەزی، و ئەسفەهان: هەر یەکەیان 2 حاڵەت

پارێزگاکانی مازەندەران و خوزستان: هەر یەکەیان 1 حاڵەت

3. کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنی و دۆخی کۆڵبەران

تەقەی ڕاستەوخۆ: 5 هاووڵاتیی مەدەنی کورد لە شارەکانی سنە، بیجاڕ و داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. لەو نێوەدا دوو برای یارسان بە ناوەکانی میسەم ویسی و موجتەبا ویسی دوای 4 مانگ ژیانی شاراوە، لە هێرشێکدا بۆ سەر حەشارگەکەیان لە داڵاهۆ گیانیان لەدەستداوە.

کۆڵبەران: لانی کەم 6 کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان لە ناوچە سنوورییەکان بوونەتە قوربانی، کە 2 کۆڵبەر کژراون و 4ی دیکەش بریندار بوون. 4 حاڵەتیان لە سنوورەکانی پارێزگای سنە و 2 حاڵەتیان لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە.

4. دەستبەسەرکردن و دەرکردنی أحکام

لە شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، کە هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی 861 کەسیان بە تەواوی پشتڕاست بکاتەوە؛ لە نێویاندا 71 منداڵی خوار تەمەنی یاسایی، 69 ژن، 11 خوێندکاری زانکۆ و 10 مامۆستا هەن.

ڕێژەی دەستبەسەرکردن بەپێی پارێزگاکان: زۆرترین ڕێژە لە ئیلام بووە بە 281 حاڵەت، دوای ئەو کرماشان بە 179 حاڵەت، سنە بە 159 حاڵەت، ئورمیە بە 139 حاڵەت، خۆراسانی باکوور بە 38 حاڵەت، هەمەدان بە 35 حاڵەت، خۆراسانی ڕەزەوی بە 27 حاڵەت، و لوڕستان بە 3 حاڵەت.

سزا قورسەکان: دەرکردنی سزای سێدارە بۆ 6 چالاکوان (کە سزای 2یان پێشتر جێبەجێ کراوە)، و دەرکردنی سزای کۆی گشتیی 106 ساڵ و 3 مانگ و 17 ڕۆژ بەندکردن بۆ 27 هاووڵاتیی دیکە، لەگەڵ سەپاندنی 275 جەڵد بۆ 4 چالاکوان کە یەکێکیان ژنە.

5. قوربانیانی مین و ژنکوژی

تەقینەوەی مین: 3 هاووڵاتیی کورد بوونەتە قوربانیی مینی چێندراو کە 2یان گیانیان لەدەستداوە؛ منداڵێکی 13 ساڵان بە ناوی ڕەحیم حەمیدی لە دەهلۆران و گەنجێکی 21 ساڵان بە ناوی پەیمان ڕەحمانپوور لە سەقز گیانیان لەدەستداوە، هاووڵاتییەکی دیکەش لە سەرواباد بریندار بووە.

ژنکوژی: دۆسیەی کوشتنی لانی کەم 3 ژنی کورد لە شارەکانی سنە، قۆتور و شۆت لەلایەن کەسوکاریانەوە تۆمارکراوە، کە ئەمەش 6.5%ی کۆی گشتیی حاڵەتەکانی ژنکوژی لە تەواوی ئێراندا پێکدەهێنێت کە لانی کەم 46 حاڵەت بووە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان