نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕادەستکردنی بڕێکی زۆر زێڕی قاچاخ و دەستبەسەرداگیراوی بە حکومەتی فیدراڵ ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، لە نوێترین هەنگاوی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدادا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بڕی 358 کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەرداگیراویان بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەستی دەستەی دەستپاکی عێراقی فیدراڵ کردووە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا، لە ئەنجامی هاریکارییەکانی نێوان هەردوولا، توانراوە ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر گەندەڵکاران بگیرێتەبەر، کە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی چەندین تۆمەتبار و گەڕانەوەی بڕێکی یەکجار زۆری پارە، زێڕ، مڵک و سامان بۆ ناو گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم پڕۆسەیە لەسەر بنەمای ئەو هاریکاری و هەماهەنگییە بەهێزە دێت، کە لە نێوان عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە".
لەو چوارچێوەیەشدا، مەسرور بارزانی وەزارەتی ناوخۆ و تەواوی دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە، کە بە چڕی و لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کار بکەن، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران لەسەرجەم ئاستەکاندا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە، کە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم هەماهەنگییە ستراتیژییە لەگەڵ بەغداد، بۆ سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی و برەودان بە پرەنسیپەکانی دەستپاکی و سەروەریی یاسا لە وڵاتدا.