لە قۆناغێکی نوێی پێکدادانە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، سوپای ئەمریکا بە فەرمی بەکارهێنانی درۆنی دەریایی بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا دژی بنکە دەریاییەکانی ئێران ڕاگەیاند.
ئەم هێرشانە بۆ دووەم ڕۆژە بە چڕی بەردەوامن، تەواوی ناوچەکەیان خستووەتە لێواری جەنگێکی سەرتاسەرییەوە و نرخی نەوتیشیان لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ڕۆژی دووشەممە، سێ بەلەمی بێسەرنشینی هێرشبەر لە جۆری کۆرسێر، هێرشێکی سەرکەوتوویان کردووەتە سەر بەندەری بنکەی دەریایی بەندەر عەباس لە باشووری ئێران و تێیدا دامەزراوەیەکی سەرەکیی چاککردنەوەی ژێردەریایی و کەشتییە جەنگییەکانی ئەو وڵاتەیان پێکاوە.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم هێرشە دەریاییە ستراتیژییە، تواناکانی ئێرانی بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێکی داهاتوو لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عەمماندا بە توندی پەکخستووە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا سێ پێگەیان لە شاری ئابادانی سەر بە پارێزگای خوزستان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون. هەروەها بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک، هێرشی درۆنی کرایە سەر ناوچەی خونداب، کە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئاوی قورسی ئەراکی لێیە، بەڵام ئەم جارانە هیچ زیانێکی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە.
هاوکات میدیاکانی ناوخۆی ئێران بڵاویانکردەوە، کە دەنگی چەندین تەقینەوەی یەکجار بەهێز لە شارەکانی بەندەر عەباس، حاجی ئاباد، بەندەری لەنگە و هەردوو دوورگەی ستراتیژیی قیشم و فارور بیستراون.
لای خۆیەوە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران دەستبەجێ کەوتنە پەرچەکردار و زنجیرەیەک هێرشی بەرپەرچدانەوەیان ئەنجامدا. فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی ئێران ڕایگەیاند، توانیویانە لە ئاسمانی بەندەر عەباس درۆنێکی سیخوڕیی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری لوکاس بخەنە خوارەوە.
هاوکات سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە چەندین بنکە و بەرژەوەندیی ئەمریکایان لە کوێت، بەحرەین و ئوردن کردووەتە ئامانج، کە لە ئەنجامدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بەحرەین لێدرا و سوپای ئوردنیش ڕایگەیاند، توانیویەتی چوار موشەکی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێکبشکێنێت.
ئەم پێکدادانە سەربازییە سەختانە، ململانێی توندی هەردوولای لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز گەیاندووەتە لوتکە. تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، هێزی دەریایی سوپای پاسداران دوای پشتڕاستکردنەوەی داخستنی گەرووەکە، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوە تەقەی لە دوو کەشتیی بازرگانی کردووە، کە ویستوویانە بە نایاسایی بە ڕێڕەوەکەدا تێپەڕن.
لە بەرامبەردا، واشنتن جەخت دەکاتەوە، کە ڕێڕەوەکە وەک ئاوێکی نێودەوڵەتی بە ڕووی کەشتیڕانیدا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.