بەرپرسێکی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد، کیێڤ بەبێ وەرگرتنی گەرەنتییە ئەمنییەکان لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپا، ئامادە نیە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ روسیا واژۆ بکات.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زارای سەرچاوەیەکی ئاگاداری وڵاتەکە بڵاویکردەوە، هەڵوێستی ئۆکرانیا روونە، تا پرسە ئەمنییە دیاریکراوەکانی کیێڤ، لەلایەن ئەمریکا و رۆژئاواوە گەرەنتی نەکرێن هیچ رێککەوتنێک ناکرێت و ئەم پرسە مەرجی سەرەکیی ئۆکرانیایە بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان و بەئەنجام گەیشتنی رەوتی ئاشتی.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز ئۆکرانیا پێداگر بووە، پێش واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ روسیا، گەرەنتییەکان مسۆگەر بکات. پێشتریش سەرچاوەکانی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی ئەبوو زەبی رایانگەیاندبوو، کیێڤ خوازیاری جێگیربوونی گەرەنتییەکانە لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەدا.
دیمیتری پسکۆف، وتەبێژی کرێملینیش ئاشکرای کردووە، خولێکی دیکەی دانوستان لەبارەی شەڕی ئۆکرانیا، لە داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، بەڵام کاتەکەی دیار نەکراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ویتالی کیم، بەرپرسی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی نیکۆلایڤ لە ئۆکرانیا ئاشکرای کرد، بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە، پشتگیریی لە پێدانی خاک بە روسیا دەکەن بۆ کۆتایی هاتن بە شەڕ و ئەم روانینە لەناو خەڵکدا رووی لە زیادبوون کردووە.