ئاژانسی هەواڵی ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بێرد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بڕیارە ئەمڕۆ ڕوونکردنەوە سەبارەت بە پلانە نوێیەکان بۆ "کردەوەی سەربازیی دژی ئێران" بخاتە بەردەم ترەمپ.
ئاژانسەکە دەڵێت، سێنتکۆم پلانێکی بۆ هێرشی "کورتخایەن و بەهێز" دژی ئێران ئامادە کردووە، پێدەچێت هێرشکردنە سەر ئامانجە ژێرخانییەکان لەخۆ بگرێت.
بە گوتەی سەرچاوەکان، پلانێکی دیکە کە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ترەمپدا باس بکرێت، سەرنج دەخاتە سەر کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە گەرووی هورمز بۆ کردنەوەی بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا و ئەگەری هەیە بەکارهێنانی هێزی زەمینیش لەخۆ بگرێت.
ئاکسیۆس دەشڵێت، بژاردەیەکی دیکە ئەگەری هەیە ئەویش ئەوەیە، بێرد کووپەر، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ ترەمپ باسی بکات، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هێزە تایبەتەکانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران.