کەناڵی 13ی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، کە سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئامادەکارییەکی چڕدان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، کە بڕیارە ژێرخانە نیشتمانییەکان و کەرتی وزەی ئەو وڵاتە بکەنە ئامانج.
کەناڵی 13ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاویکردەوە، واشنتۆن و تەلئەبیب پلانێکی هاوبەشیان بۆ هێرشێکی بەرفراوان لە هەفتەی داهاتوودا داڕشتووە، کە مەبەست لێی پەکخستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ناچارکردنی ئێڕانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە پێگەیەکی لاوازەوە.
یەکێک لە ئەفسەرە باڵاکانی سوپای ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیران ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی یەکەمی هێرشەکەدا ئێران بە دەیان مووشەک وەڵام بداتەوە و گوتی: "ئێمە بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەین، بەڵام هەڵسەنگاندنەکان دەریدەخەن، کە قەبارەی مووشەکبارانەکە بە تێپەڕبوونی ڕۆژەکان و بەهۆی کاریگەریی هێرشەکانەوە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت".
ئەو ئەفسەرە باڵایە ڕاشیگەیاند: "بانکی ئامانجەکانمان پێکهاتووە لە ژێرخانی نیشتمانی، وێستگەکانی وزە و کارەبا، هەروەها ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە لایەن هێزە کۆماندۆکانەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناو خاکی ئێراندا لە ئارادایە".