لە شاری ئامەد لە کۆتایی فۆڕومی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئازادیدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی چەندین داواکاری خستە ڕوو.
ئەمڕۆ لە کۆشکی جەمیل پاشا لە شاری ئامەد، کۆتایی بە دیدارێکی 5 ڕۆژە هات و بە گوێرەی گوتەکانی تولای هاتیمۆغولاری، پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ کۆتایی هێنان بە قەیومەکان، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دیاریکردنی پێگەی ئۆجالان.
هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای هاتیمۆغولاری، لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت پێویستە یاسا سەروەر بێت و گوتی: "هەنگاونان بۆ ئاشتی کارێکی بوێرانەیە و پێویستی بە بڕوا و هۆشیاری هەیە".
تولای هاتیمۆغولاری راشیگەیاند: "ئەو ئاشتییەی لێرە دروست دەبێت کاریگەری لەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و پێویستە بۆ ئاشتی لە ترسەکانمان ڕزگارمان بێت".
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە، هێشتا بۆیان ڕوون نەبووەتەوە هۆکاری گیرخواردنی هەندێک لە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی پرۆسەکە چییە و گوتیشی: "بەدواداچوون بۆ پێشنیارەکانی دیدارەکە دەکەین و ئەنجامەکەشی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە".