پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک بە شێوەیەکی فراوان لە شار و شارۆچکەکان دەستی پێ کردووە و بڕیارە رۆژانە زیاتر لە 2.7 ملیۆن لیتر دابەش بکرێت.
لە هەولێر لە 50 بەنزینخانە دابەشکردن دەستی پێ کردووە و بۆ بەیانی 33 تانکەر (1.188 ملیۆن لیتر) دابین دەکرێت، هەروەها پشکی ئیدارەی سۆرانیش بۆ 300 هەزار لیتر زیاد دەکرێت.
لە سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕۆژانە 13 تانکەر (480 هەزار لیتر) لە 13 بەنزینخانەدا بە شێوەی 24 کاتژمێری دابەش دەکرێت و ژمارەی بەنزینخانەکانیش زیاتر دەکرێن، هەروەها سووتەمەنی دەگاتە ڕانیە، قەڵادزێ و حاجیاوا.
لە دهۆک، 27 تانکەر (950 هەزار لیتر) گەیشتووەتە پارێزگاکە و بڕەکە ڕۆژانە بەپێی پێویستی زیاد دەکرێت.
لە هەڵەبجە، ڕۆژانە دوو تانکەر (72 هەزار لیتر) دابین دەکرێت کە 80٪ی کێشەی سووتەمەنی لە پارێزگاکە چارەسەر دەکات.