ڕاستەوخۆ

دانیشتووانی شارەدێی لەیلان لە کەرکوک دژی بێ خزمەتی ڕژانە سەر شەقام

reset font size increase font size

بۆ دووەمجار لە ماوەی هەفتەیەکدا، دانیشتووانی شارەدێی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی، خراپیی ڕێگەوبانەکان و مەترسییە تەندروستییەکانی پیشەسازی لە ناوچەکەیاندا، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیی فراوانیان ئەنجامدا و بۆ ماوەیەک شەقامی سەرەکیی شارەدێکەیان بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا داخست.

خۆپیشاندەران و دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، سنوورەکەیان بە تەواوی پەراوێز خراوە و پشتگوێ خراوە. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، خراپیی شەقامی سەرەکی و ڕێگەوبانەکانی لەیلان بووەتە هۆکاری دەیان ڕووداوی هاتوچۆی مەرگهێنەر، چەندین هاووڵاتی تێیدا بوونەتە قوربانی.

جیا لە کێشەی ڕێگەوبان، هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە نەبوونی فلتەر لە کارگەی چیمەنتۆی کەرکوک، کە دەکەوێتە سنوورەکەیان و جەختیان کردەوە، دووکەڵ و پاشماوەی کارگەکە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی مەترسیداری نەخۆشییەکانی ڕەبۆ و شێرپەنجە لە نێوان دانیشتوواندا.

لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکەدا، محەمەد وەیس، بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلان چووە نێو کۆڕی خۆپیشاندەران و پشتگیریی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دەربڕی. بەڕێوەبەری شارەدێکە ڕایگەیاند، داواکاریی هاووڵاتییان تەواو ڕەوایە، بەڵام کێشەی سەرەکی و هۆکاری پەککەوتنی دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچەکەدا، بۆ نەبوونی بودجەی پێویست دەگەڕێتەوە.

خۆپیشاندەران یاداشتی داواکارییەکانیان ڕادەستی بەرپرسانی کارگێڕیی شارەدێکە کرد و کۆتاییان بە ناڕەزایەتییەکەیان هێنا، هاوكات مۆڵەتی سێ ڕۆژیان بە ئیدارەی کەرکوکدا بۆ ئەوەی بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێت، بە پێچەوانەوە هەڵوێستی توندیان دەبێت.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان