ڕاستەوخۆ

وەزارەتی دارایی هەرێم: ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن داوای دواخستنی مووچەمان کردووە دوورن لە ڕاستییەوە

reset font size increase font size

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکی تونددا، سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن شاندی هەرێم لە دواین سەردانیدا بۆ بەغدا داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی کردبێت، و ڕایدەگەیەنێت کە "پەتی درۆ کورتە."

وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە دواین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا هیچ پەیوەندییەکی بە دواخستنی مووچەوە نەبووە، بەڵکو تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەم سێ تەوەرە سەرەکییە:

پرسی گومرگ: چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئۆتۆماتیکیی "ئاسیکۆدا".

کۆمپانیاکان و باج: تاووتوێکردنی کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.

کوالێتی کۆنترۆڵ: دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی لێخۆشبوونی گومرگی، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پرسی کوالێتی کۆنترۆڵ.

سەبارەت بە بابەتی داهاتی ناوخۆ، وەزارەت ڕوونی دەکاتەوە کە لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، داوا کراوە مامەڵەکان بەپێی یاسای بوودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی بن؛

 واتە تەنیا 50%ـی داهاتە ناوخۆییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵ، ئەویش لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.

وەزارەتی دارایی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە داهات تاوەکو کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەش بەپێی یاسا دەکەوێتە 10 ڕۆژی مانگی دواترەوە، بۆیە ناکرێت بەو بیانووەوە مووچەی فەرمانبەران ڕابگیرێت یان دوابخرێت.

 وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە مووچەی بەدەرکردووە لە هەموو کێشەیەکی سیاسی و تەکنیکی.

ئەم ڕوونکردنەوە فەرمییەی وەزارەتی دارایی هەرێم نیشانەی ئەوەیە کە سەرەڕای بوونی کۆسپە تەکنیکییەکان لە کۆکردنەوەی داهات و گۆڕینەوەی ڕاپۆرتە داراییەکان لەگەڵ بەغدا، حکومەتی هەرێم دەیەوێت دۆسیەی مووچە لە ململانێکان دوور بخاتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران لەلایەن بەغداوە ببێتە وەڵامێکی کرداری بۆ کۆتاییهێنان بەم گرژییە میدیاییە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.