ڕاستەوخۆ

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پەنابەران: نزیکەی 700 هەزار ئاوارەی لوبنانی گەڕانەوە ماڵەکانیان

reset font size increase font size

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پەنابەران (IOM) ڕایگەیاند، لە کۆی زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی لوبنانی، زیاتر لە 640 هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، ئەم شەپۆلە گەورەیەی گەڕانەوەی هاووڵاتییان، ڕاستەوخۆ بەهۆی هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنانەوەیە.

هەفتەی ڕابردوو، ئیسرائیل و لوبنان ڕێککەوتنێکیان لە ئەمریکا واژۆکرد بۆ ڕاگرتنی شەڕ و جەنگی نێوانیان.

ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە دەستبەجێ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دۆخی مرۆیی دروستکرد و بووە هۆی ئەوەی سەدان هەزار خێزان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەرچەندە بەگوێرەی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، پێویستە چەک لە حیزبوڵڵای لوبنان دابماڵدرێت، بەڵام حیزبوڵڵا تاوەکو ئێستا ئەو مەرجەی ڕەتکردووەتەوە.

سەرەڕای گەڕانەوەی ئەو ژمارە زۆرە و چۆڵبوونی بەشێک لە پەناگەکان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پەنابەران هۆشداری دەدات کە قەیرانەکە بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێشتا نزیکەی 500 هەزار کەسی دیکە لە دۆخی ئاوارەییدا دەژین و بەهۆی وێرانبوونی خانوو یان ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکانیان، ناتوانن لە ئێستادا بگەڕێنەوە.

داهاتووی جێگیربوونی ئاوارە لوبنانییەکان بەستراوەتەوە بە ڕادەی پابەندبوونی لایەنەکان بە ئاگربەستەکەوە.

 ئەگەر ڕەتکردنەوەی داماڵینی چەک لەلایەن حیزبوڵڵاوە ببێتە هۆی سەرلەنوێ هەڵگیرسانەوەی پێکدادانەکان، چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلێکی پێچەوانەی ئاوارەیی ڕوو بداتەوە و دۆخی مرۆیی لە لوبنان بەرەو قەیرانێکی قووڵتر بڕوات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.