وەزیری دەرەوەی ئێران بوونی کەلێنی ئەمنی لە کاتی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی ڕابەری باڵای وڵاتەکە پشتڕاست دەکاتەوە و هۆکاری دیاریکردنی کاتی هێرشەکەش ئاشکرا دەکات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی جەنگی ئەم دواییە ڕایگەیاند، دوژمن زانیاریی پێشوەختەی هەبووە کە عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەموو بەیانییەک لە نووسینگەکەیەتی، ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامانجێکی ئاسان.
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی کاتی هێرشەکەی دیاریکرد، ئامادەبوونی خامنەیی و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی فەرماندە سەربازییەکان بوو لە بینای تەنیشت نووسینگەی ڕابەر. ناوبراو دانی بە بوونی کەلێنێکی ئەمنیدا نا و ڕایگەیاند کە دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن.
سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، عێراقچی گوتی: "لەم ماوەیەدا موجتەبا خامنەییم نەبینووە؛ پێشموانییە جگە لە چەند کەسێکی کەم کەس بینیبێتی." هەروەها دەربارەی هۆکاری داخستنی گەرووی هورمز لە یەکەم ڕۆژی شەڕەوە، ڕوونی کردەوە کە ئەوە پلانێکی پێشوەختە بووە و بڕیار وابووە ئەگەر ڕابەری باڵا بکرێتە ئامانج، دەستبەجێ گەرووەکە دابخرێت.