عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی جەنگ و گەمارۆکان و داخستنی گەرووی هورمزەوە، فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی بە تەواوەتی ڕاوەستاوە و بووەتە سفر، بەوەش تاران ناچار بووە داوای قەرزەکانی لە وڵاتان بکاتەوە.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئاشکرای کرد، بۆ دەربازبوونی وڵاتەکەی لەو دۆخە ئابووری و داراییەی بەهۆی جەنگەوە تێیکەوتووە، پێویستە دەستبەجێ قەرزەکانی لای وڵاتانی دراوسێ و جیهان وەربگرێتەوە.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانیان لەلای بەغدا، هیممەتی ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە حکومەتی عێراق بەڵێنی پێداون قەرزەکانیان بداتەوە، بەڵام بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و پەککەوتنی ڕێڕەوە ئاوییەکانەوە، لە ئێستادا عێراقیش ناتوانێت ئەو قەرزانە بگەڕێنێتەوە.
شایەنی باسە، بەهۆی فرۆشتنی بەردەوامی گاز، کارەبا و سووتەمەنی لە ساڵانی ڕابردوودا، ئێران بڕە پولێکی زۆری لای حکومەتی عێراق کەڵەکە بووە و تاوەکو ئێستا بەهۆی سزاکان و ئاڵۆزییەکانەوە نەتوانراوە ڕادەستی تاران بکرێتەوە.