ئەم هاوینە شەپۆلێکی بێپێشینەی گەرما و وشکەساڵی ڕووی لە کیشوەری ئەوروپا کردووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە چەندین وڵاتدا.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا لە ئەڵمانیا نزیکەی 14 هەزار کەس بەهۆی گەرمای بەرزەوە گیانیان لەدەستداوە و زۆرینەیان لە یەک هەفتەدا تۆمار کراوە کە پلەکانی گەرما لە 40 پلەی سیلیزی تێپەڕیبوو.
ھاوکات لە ئیسپانیا نزیکەی چوار هەزار و 500 کەس و لە فەرەنساش زیاتر لە حەوت هەزار و 300 حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیادە بەهۆی هەمان هۆکارەوە تۆمار کراون.
دامەزراوە تەندروستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زۆرترین ڕێژەی گیانلەدەستدان لە نێوان تەمەنەکانی سەرووی 75 ساڵدا بووە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تێکەڵاوبوونی گەرمای توند لەگەڵ نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا هۆکاری سەرەکی بووە.
کاربەدەستانی تەندروستی و شارەزایان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە، لەوەی ئامارە ڕاستەقینەکان ڕەنگە زۆر زیاتر بن لەوەی لە ئامارە فەرمییەکاندا تۆمار کراون.