محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ چالاکوانانی ئابووریی ئێران و عێراق لە بەغداد ڕایگەیاند، کە هێزی سەربازی بە تەنیا بەس نییە بۆ مانەوەی دەوڵەتان.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، چەندە توانای سەربازیی و بەرگریی بەهێز بێت، ئەگەر خەڵک برسی بن و وڵات خاوەنی گەشەی ئابووری، بەرهەمهێنانی نیشتمانی و سووڕانەوەی دارایی گونجاو نەبێت، توانای خۆڕاگریی و بەردەوامبوونی نامێنێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاسایش و ئابووری بە دوو باڵی تەواوکەری یەکتر وەسف کرد و جەختی کردەوە کە ئەگەر ئاسایش هەبێت، بەڵام پشتیوانیی ئابووری بەهێزی لەگەڵدا نەبێت کاریگەر نابێت.
ئەم قسانەی قالیباف لە کاتێکدایە، کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ و وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ڕایانگەیاند، قورسترین سزا و گەمارۆی ئابووری لە مێژووی جیهاندا بەسەر ئێراندا دەسەپێنن بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێم لەو وڵاتە.