حسێن تائیب، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج (باڵی خۆبەخشی سوپای پاسدارانی ئێران) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بە تەواوی «لەژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی ئێراندایە». ئەم لێدوانەی تائیب وەک وەڵامێک هات بۆ لێدوانەکەی ڕۆژی چوارشەممەی دۆناڵد ترەمپ کە لە تۆڕی تروس سۆشیال نووسیبووی، ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر گەرووەکەدا هەیە.
تائیب ڕوونیشی کردەوە کە واشنتن هەوڵیداوە لە ڕێگەی بەردەوامی شەڕ لە هورمزدا جەماوەری و پێگەی ئێران بشکێنێت، بەڵام تووشی شکست بووە و ئێستا ئێران بە ئاسایشێکی تەواوەوە کۆنترۆڵی ڕەوشەکە دەکات.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکان، حکومەتی ئێران پلانی خۆی بۆ سەپاندنی ڕوسومات و باج بەسەر کەشتییە بازرگانییەکاندا دەربڕیوە. ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دەیان ساڵ پیسبوونی ژینگە لە کەنداو و دەریای عومان زیانی ترلیۆنان دۆلاری بە وڵاتەکەی گەیاندووە.
بەقائی جەختی کردەوە کە ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی لە گەرووەکە سوودمەند دەبن، ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقییان لەسەرە تا هاوکار بن لە چاککردنەوەی زیانە ژینگەیییەکان. تاران دەڵێت دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا بە مەرجی وەرگرتنی باج دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ عومان، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی ئەم مەرجەی ڕەت کردووەتەوە.
ئەم داواکارییەی ئێران لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی "گرینپیس" بۆ پاراستنی ژینگە هۆشداری داوە لەوەی شەڕ و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە، مەترسییەکی جدییان لەسەر سیستمە ئیکۆلۆژییە هەستیارەکانی هورمز دروست کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، لێدانی کەشتییەکان و ڕژانی نەوت (وەک ئەوەی ئەمدواییەی گەیشتە کەناراوەکانی عومان) هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ڕووەک و گیانلەبەرە دەریاییەکان، هاوکات مەترسی لەسەر وێستگەکانی ئاوی شیرینیش دروست دەکات کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خوارنەوەن بۆ ملیۆنان دانیشتووی وڵاتانی کەنداو.