له چوارچێوه‌ی ئه‌و هێرشه سه‌ربازییه توند و به‌رفراوانه‌ی ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، سوپای ئه‌مریكا بۆ شه‌وی هه‌شته‌م له‌سه‌ریه‌ك هێرشه ئاسمانییه‌كانی بۆ سه‌ر ئێران به‌ردەوام كرد و چه‌ندین پێگه‌ی له ناو خاكی ئه‌و وڵاته‌دا كرده ئامانج، هاوكات تاران به لێدانی بنكه‌كانی ئه‌مریكا له كوه‌یت وه‌ڵامی دایه‌وه و هۆشداریی توندیش له‌سه‌ر فراوانبوونی شه‌ڕه‌كه ده‌درێت.
فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی سوپای ئه‌مریكا (سێنتكۆم) له ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاشكرای كرد، ئه‌م شه‌پۆله نوێیەی بۆردومانه‌كان به فه‌رمانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌نجامدراوه، وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كوژرانی دوو سه‌ربازی ئه‌مریكی كه پێشتر له هێرشێكی تاران‌دا بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له ئوردن گیانیان لەدەستدابوو.
سێنتكۆم جەختی كردەوە، ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌م ئۆپراسیۆنە ئاسمانییانه بریتییه له لاوازكردن و په‌كخستنی توانای لۆجستی و سه‌ربازیی هێزه چەکدارەکانی ئێران له ناوچه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن هێرشی زیاتر ئاراسته‌ی پێگەكانی ئەمریکا بكه‌ن.
میدیا فه‌رمییه‌كانی ئێران بڵاویانكرده‌وه، له وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه به‌رده‌وامانه‌ی سوپای ئه‌مریكادا، هێرشی چەكدارییان كردووه‌ته سه‌ر دوو بنكه‌ی سه‌ربازیی سوپای ئه‌مریكا له خاكی كوه‌یتدا.
هاوكات عه‌لی عه‌بدوڵایی فه‌رمانده‌ی قه‌رارگه‌ی خاته‌مولئه‌نبیا، هۆشداریی توندی دایه ئیداره‌ی واشنتن و ڕایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌یان ڕانه‌گرن، ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانیان زۆر فراوانتر ده‌كه‌ن و به شێوازێكی توندتر لە پێشوو پێگه و هێزه‌كانی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکەدا دەكەنە ئامانج.