شەھباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسی و تاوتوێکردنی هەوڵەکانی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران، سەردانی هەر یەکە لە وڵاتانی سعودیە، قەتەر و تورکیا دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان دەدات.
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە شەھباز شەریف بەرەو جەدە بەڕێبکەوێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی سعودیە، پاشان سەردانی قەتەر دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی "هاوکارییە دووقۆڵییەکان و ئاسایشی ناوچەکە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، وێستگەی کۆتایی گەشتەکەی تورکیا دەبێت و لەوێ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە و بەشداری لە پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا دەکات.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، لەم جەنگەدا پاکستان بووەتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ئیسلام ئاباد میوانداریی یەکەمین گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.
ئاسف عەلی زەرداری، سەرۆککۆماری پاکستان لەبارەی ئەم سەردانانەوە ڕایگەیاند، ئامانج لێی "بەهێزکردنی هەوڵەکانی ئاشتییە".