وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە ڕۆڵی خۆی لە کەیسەکانی پەیوەست بە گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لە ڕێگەی دۆسیەکانی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە پاراستنی مافەکانی گەنجینەی دەوڵەت هێڵی سوورە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆڵی وەزارەت لەو کەیسانەی پەیوەندییان بە گەڕاندنەوەی پارەی دزرا هەیە، تەنیا لە لایەنە داراییەکان و گەڕاندنەوەی مافەکانی گەنجینەی گشتیدا کورت دەبێتەوە. جەختیشی کردەوە کە هەر میکانیزمێک بۆ دانەوەی ئەو بڕە پارەیەی لەسەر شانی سزادراوانە، پێویستە وەرگرتنەوەی تەواوی مافەکانی گەنجینەی گشتی بە شێوەیەکی ڕەها مسۆگەر بکات.
وەزارەت دەشڵێت دەبێت هەر ڕێکارێک دەگیرێتەبەر، پابەندکەر و شیاوی جێبەجێکردن بێت بە شێوەیەک کە پارەی گشتی و مافەکانی دەوڵەت بە تەواوی بپارێزێت و هیچ کەمتەرخەمییەک لە وەرگرتنەوەی سامانی گشتیدا نەکرێت.
سەبارەت بە لێخۆشبوون یان سوککردنی سزای گەندەڵکاران، وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە کە ڕێکارە دادوەرییەکان یان ئەو داواکارییەکانی لێخۆشبوونەی پێشکەش بە دادگاکان دەکرێن، تایبەتمەندیی پوختی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگاکان خۆیان بەپێی ڕێکارە یاساییە پەسەندکراوەکان دەسەڵاتەکانی خۆیان لەم بارەیەوە پیادە دەکەن.