مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا ڕەخنەی توندی لە ئەدا و بەرنامەکانی دەزگای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی (سەدا و سیما) گرت و ڕایگەیاند، ئیتر سەیری تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ناکات.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، پزیشکیان بە پەیمان جەبلی، سەرۆکی دەزگای سەدا و سیمای ڕاگەیاندووە، ئیتر بینەری بەرنامەکانیان نییە، چونکە تەماشاکردنی دەبێتە هۆی تێکچوونی دەروونی و دەمارگیریی زیاتر.
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر کەسێکی وەک ئەو، کە تەمەنی بۆ خزمەتی سیستەمەکە داناوە، تێڕوانینی بەرامبەر ڕاگەیاندنی فەرمی بەو جۆرە نەرێنی بێت، دەبێت تێبگەن کە خەڵکی ئاسایی چ هەست و هەڵوێستێکیان بەرامبەر ئەو دامەزراوەیە هەیە.
ئەم ڕەخنانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، دەزگای سەدا و سیما زمانحاڵی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بە نزیک لە سوپای پاسداران دادەنرێت.