ئێران هەوڵ دەدات پەیامێکی هۆشداریدانی ڕوون ئاڕاستەی ئەو وڵاتە ئەوروپییانە بکات کە ڕێگە بە ئەمریکا یان ئیسرائیل دەدەن خاک و بنکەکانیان بۆ ئەنجامدانی کرداری سەربازی لە دژی تاران بەکاربهێنن
هەڕەشەکانی دواییی ئێران بەرانبەر بولگاریا ترس و نیگەرانیی لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە، دوای ئەوەی تاران هۆشداری دایە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی "ناتۆ" کە مافی بەئامانجگرتنی هەر شوێنێکی هەیە کە کرداری سەربازیی ئەمریکی یان ئیسرائیلی لێوە ئاڕاستە بکرێت.
ئەم هەڕەشانە دوای ئەوە هاتن کە دوو فڕۆکەی ئەمریکی لە جۆری "KC-135" بنکەی ئاسمانیی "بیزمەر"یان لە بولگاریا بەجێهێشت، کە بۆ پشتیوانیی ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەمریکی (ئێپیک فیوری) بەشێوەیەکی کاتی لەوێ جێگیر کرابوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ئەوان گەلی بولگاریا ناکەنە ئامانج، بەڵام هەر هاوکارییەکی سەربازیی ئەمریکا یان ئیسرائیل بە ڕەفتارێکی دوژمنکارانە دەزانن و مافی بەئامانجگرتنی سەرچاوەی ئەو کردارەیان هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی ترەمپ ستراتیژییەتێکی نوێی بە ناوی "پێنەزانی ئابووری" لە ڕێگەی وەزیری گەنجینە سکۆت بەسێنت ڕاگەیاندووە تا وڵاتان ناچار بکات پەیوەندییە داراییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕێنن. سەرباری گوشارەکان، عەلی مەدەنی زادە وەزیری ئابووریی ئێران جەختی لە ئامادەییی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزاکان و گۆڕینی سیاسەتی بەرگریی تاران بۆ هێرشبەریی.