گەڕێکی نوێ لە هێرشە مووچەکی و ئاسمانییە دوولایەنەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (12ی تەممووزی 2026) بەردەوام بوو.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی بۆردومانەکانی ئەمریکا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە توندی هۆشداری دەداتە واشنتن و دەڵێت ئیتر باجی بڕیارە تاکلایەنەکانتان دەدەن.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (ئێکس) وێنەیەکی لە مادەی پێنجەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە ڕۆڵی ئێران لە دیاریکردنی ڕێکخستنەکانی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا، و نووسیویەتی: "سەردەمی ڕێککەوتنە تاکلایەنەکان کۆتایی هاتووە، پێمان وتن یا لەسەر قسەی خۆتان بوەستن یا باجەکەی بدەن. ڕاستی وا لە دەرگا دەدات".
تاران ئەم بڕگەیە وەک دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بۆ دیاریکردنی مەرج و ڕێڕەوی کەشتی لێکدەداتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ دانی هیچ باج و سەرانەیەک بەو گەرووە نێودەوڵەتییەدا تێپەڕن. ئەم یاداشتنامەیە پێشتر بەشێک بوو لە چوارچێوەیەکی دیپلۆماسی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دەستپێکردنی دانوستان، بەڵام ئێستا بووەتە خاڵی ناکۆکی.
لە سەر ئاستی سەربازی، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سینتکۆم) ڕایگەیاند، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لە سێیەم ئۆپەراسیۆنی ئەم هەفتەیەدا، 140 خاڵی سەربازیی دیکەیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، بەمەش کۆی گشتیی ئامانجە پێکراوەکان لە ماوەی سێ شەوی ڕابردوودا 300 شوێنی تێپەڕاندووە.
سینتکۆم ئاشکرای کرد، هێرشەکان لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییە جێگیرکراوەکانی سەر زەوی و دەریا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و کەشتییە دەریاییەکانەوە ئەنجامدراون و تێیدا پێگە موشەکییەکان، کۆگاکانی تەقەمەنی، هێڵەکانی پەیوەندی، ناوەندەکانی چاودێریی کەنار دەریا و هێزە دەریاییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج. سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەم هێرشە بەرفراوانە کەمکردنەوەی توانای ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا.
ئەم شەپۆلە نوێیەی بۆردومانی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری خاوەن ئاڵای قوبرس لە نزیک ئاوەکانی عومان گرتە ئەستۆ (کە زیانی قورسی پێگەیشت و ئاگری لێکەوتەوە و کەشتیوانێکی مەدەنی تێدا بێسەروشوێن بوو)؛ تاران هۆکاری هێرشەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەشتییەکە سیستەمی GPSی کوژاندووەتەوە و بە ڕێڕەوێکی بێ مۆڵەتدا تێپەڕیوە.
دوابەدوای هێرشەکانی ئەمریکا، هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایانگەیاند، چەندین شەپۆلی توندی هێرشی مووچەکی و درۆنییان بۆ سەر دامەزراوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەستپێکردووە. سوپای پاسداران جەختی کردەوە، کە بنکەی ئاسمانیی "ئەللوعەدید" لە قەتەر، بەندەری "دوقم" لە عومان، بنکەی سەربازیی "شازادە حەسەن" لە ئوردن و چەندین سیستەمی پاتریۆت، ڕادار و کۆگای تەقەمەنیی ئەمریکایان لە کوێت و بەحرەین بە چڕی کردووەتە ئامانج.