بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووداوە توندوتیژەکانی تەممووزی 2025لە پارێزگای سوەیدا، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان لە ناوەندی شارەکە ساز کرا.
لەم یادەدا، دەیان هاووڵاتی لەگەڵ شێخ و ڕیشسپیانی پێکهاتەی مەزهەبیی درووز بەشدار بوون و وێنەی قوربانییان، دەستبەسەرکراوان و ڕفێندراوانی ئەو ڕووداوانەیان بەرز کردەوە.
تەلال عامر، فەرماندەی هێزەکانی پارێزەرانی نیشتمانی لە سوەیدا، لە گوتارێکدا لە کاتی گردبوونەوەکەدا ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەو ئازار و برینە قورسانەی بە جەستەی پارێزگاکەوەن، سوەیدا هەمیشە وەک سیمبولی هێز و بەردەوامی دەمێنێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا مژدەی خێر و شوێنەواری ئەرێنی بۆ ناوچەکە لەڕێگەن.
شێخ فادی بەدریە، یەکێک لە ڕیشسپیانی دیاری پێکهاتەی درووز، ئەو ڕووداوانەی ساڵی ڕابردووی بە هێرشێکی دڕندانە وەسف کرد و گوتی: گەلی سوەیدا لەبەردەم ئەو نەهامەتییانەی بەسەر پارێزگاکەدا هاتن دەنگی خۆیان یەکخست. ئەم ڕووداوانە هاوپشتیی نێوانمان و پابەندبوونمان بە بەها و بیروباوەڕەکانمانەوە زیاتر چەسپاند".
هاوکات شێخ جادوڵا ئەبو فەخر، لە ڕیشسپیانی شارۆچکەی "کەفر ئەللەهەف" ڕایگەیاند، ئەم ساڵیادە وەک لەدایکبوونێکی نوێ و پەیامێکی پڕ لە هێز وایە، و دووپاتی کردەوە کە داواکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی سوەیدا بە هیچ شێوەیەک دژ بە بنەما و بەها نیشتمانییەکانی ئەوان نییە.
لە تەممووزی ساڵی 2025دا، پارێزگای سووەیدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی یەکجار توندی توندوتیژی بووەوە. بەپێی ئامارە ناوخۆییەکان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەو ئاڵۆزییانە بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی دیکە.
جیا لەوەش، بە دەیان کەس دەستبەسەر کران یان ڕفێندران و بە هەزاران خێزانیش لە گوندەکانی خۆیانەوە کۆچبەر کران کە تاوەکو ئێستاش زۆربەی ئەو خێزانانە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.