فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا کۆبوونەوە و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیی هاوبەشدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە، دۆخی هەناردەی نەوت، گەڕانەوەی ئاسایش بۆ گەرووی هورمز و رێکارەکانی گواستنەوەی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
فوئاد حوسێن: جەنگەکە ئاستەنگی زۆری بۆ نەوت و ئابووریی عێراق دروستکردووە
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسییەکەدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەداخی خۆی بۆ تێوەگلانی ئێران لە جەنگدا دەربڕی و رایگەیاند: "ئەم جەنگە بە شێوەی جۆراوجۆر کاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوچەکە هەبووە و عێراقیش رووبەڕووی هێرش بووەتەوە. جەنگەکە ئاستەنگی زۆری بۆ ئێمە دروستکردووە و کێشەی بۆ کەرتی نەوت ناوەتەوە، بۆیە دەبێت ئەم جەنگە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت."
فوئاد حوسێن ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکەی عێراقچی کرد و گوتی: "ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە و هەموو هەوڵێکمان بۆ دانوستاندن و راگرتنی جەنگ داوە. عێراق پێوەندیی زۆر باشی لەگەڵ هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی هەیە و لەسەر زنجیرە کۆبوونەوەکانمان بۆ چارهسهری کێشەکان بەردەوام دەبین."
عەباس عێراقچی: پەیامی رێبەری نوێی ئێران دەگەیەنمە زەیدی
لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەم سەردانەی بۆ بەغدا لە هەلومەرجێکی زۆر تایبەتدا دێت و ئەمە یەکەمین سەردانیەتی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە جێبەجێی دەکات. عێراقچی چوار ئامانجی سەرەکیی بۆ سەردانەکەی خستەڕوو:
1.سوپاسگوزاریی تاران: پێشکێشکردنی سوپاس و پێزانینی دەوڵەت و گەلی ئێران بۆ حکومەت و خەڵکی عێراق کە پاڵپشتیی خۆیان نیشانداوە و هێرشەکانی سەر ئێرانیان ئیدانە کردووە.
2.پیرۆزبایی لە حکومەتی نوێی عێراق: پیرۆزباییکردن لە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی "زەیدی" و گەیاندنی پەیامی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی، بە مەبەستی جەختکردنەوە لە بەردەوامیی پێوەندییە ئەمنی و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەک جاران.
3.هەماهەنگی بۆ تەرمی خامنەیی: رێکخستنی کاروباری لۆجیستی بۆ بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی لە عێراق، کە بە گوتەی ئەو "ملیۆنان عێراقی ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا نیشانداوە."
4.پێداچوونەوە بە پێوەندییەکان و دۆخی هورمز: عێراقچی راشیگەیاند کە فوئاد حوسێنی لە دوایین پێشهاتەکانی ئێران و رێککەوتنی گەرووی هورمز ئاگادار کردووەتەوە و گوتی: "گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ و ئێمە خۆمان ئەمنییەتی ئەوێ دەپارێزین."
لەکۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە دەبێت جەنگ لە هەموو بەرەکاندا کۆتایی پێبێت و پێویستە ئەمریکا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان رابگرێت؛ هۆشداریشی دا کە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە "دەبێت هیچ هێز و وڵاتێکی بیانی لەم ناوچەیەدا نەمێنێت."