عەبدوڵا ئۆجالان بە بۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی سینەمای تورکیا، قادر ئینانێر، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە ڕۆڵی ئەو لە پرۆسەی ئاشتیدا کردەوە.
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ دەرچووە، بەم شێوەیەیە:
"قادر ئینانێری ئازیز، ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کە لە دڵی گەلانی تورکیادا جێگەی گرتووە، بە ڕێزەوە بیردێنمەوە.
ناوبراو نوێنەری گەورەی ئەو هێڵەی هونەری سینەما بوو کە یەڵماز گونی و سری سورەیا ئۆندەر-یش لەخۆ دەگرێت. ئەو بۆ گەل هونەرمەندێکی ڕاستەقینە بوو. بەهایەکی ئەخلاقی و ئەستێتیکیی دڵسۆزانەی گەل بوو.
یەکێک بوو لەو پێشەنگە ژیر و سوورانەی پرۆسەی ئاشتی. وەک چۆن سری سورەیا چاودێری پرۆسەی ئاشتیی دەکرد، قادر ئینانێریش بە هەمان شێوە بەدواداچوونی بۆ پرۆسەی کۆتایی ئاشتی دەکرد.
باوەڕم وایە کە پرۆسەی نوێی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرکەوتوو دەبێت. بەو سەرکەوتنەش گیانی شاد دەبێت.
سەرەخۆشی لە هەموو کەسوکار، دۆستان و گەلەکەمان دەکەم و بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاویان لێ دەکەم"
عەبدوڵا ئۆجالان
ئیمراڵی - ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦