کاندیدێکی دەرچووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستوویی و قەیرانە سیاسییەی ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دووبارە بکرێتەوە.
بە گوتەی ئەو، هەر حکومەتێک لەم دۆخەدا پێکبهێنرێت، "ناشەرعی" دەبێت.
عومەر گوڵپی، کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە نووچە تیڤی ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی قەیرانی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبێت، پێویستە جارێکی دیکە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارە کە ڕەخنەی توند لە درێژەکێشانی بنبەستی سیاسیی نێوان لایەنەکان دەگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتنەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە زیانی گەورە بە پرۆسەی سیاسی دەگەیێنێت و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بەبێ ڕێککەوتنی بنەڕەتی و گەڕانەوە بۆ دەنگی هاووڵاتیان، شەرعیەتی نابێت.
ئەم لێدوانەی عومەر گوڵپی لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردندا.