ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026، ڕووداوێکی تەقەکردن لەناو بازاڕی قەیسەری لە شاری هەولێر ڕوویدا. لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا کەسێک بە قورسی بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەستدا، ئەمەش ترسی لەناو بازاڕەکەدا دروستکرد.
دیدار یوونس، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی قەیسەری هەولێر، کە خۆی هاوکات شاهیدی ڕووداوەکەیە و دووکاندارە لە بازاڕەکەدا، لە لێدوانێکی تایبەتدا وردەکاریی ڕووداوەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "نزیکەی کاتژمێر 06:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لەناو بازاڕی قەیسەری شەڕ لە نێوان دوو کەسدا دروستبوو، کە کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لە نێوانیان هەبووە، لە ئەنجامدا تەقە کراوە، بەداخەوە گوللە بەر سەری کەسێکی دیکەیان کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕەکە جەختی لەوەش کردەوە، کە قوربانییەکە ڕاستەوخۆ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێشەوە بۆ پزیشکی داد ڕەوانە کراوە. سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانەش، ڕوونی کردەوە: "هیچ کام لەو دوو کەسەی شەڕەکەیان کردووە دووکانداری بازاڕی قەیسەری نین، بەڵکو کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە و هێناویانەتە ناو بازاڕەکەوە".