ڕاستەوخۆ

قەیرانی غاز گەیشتە هەڵەبجە و دابەشکردن دەکرێتە پسولەی نەوت

reset font size increase font size

هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکانی ڕاگرتنی کارەکانی کێڵگەی غازی خۆرمۆر بەهۆی کێشە ئەمنییەکانەوە، لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان قووڵتر دەبێتەوە. قەیرانی کەمیی غازی شل پارێزگای هەڵەبجەشی گرتەوە و سیستمی دابەشکردنی غاز گۆڕا.

ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026، قائیمقامیەتی ناوەندی هەڵەبجە ئاگادارییەکی خێرای ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتیانی پارێزگاکە کرد و ڕایگەیاند، کە لە سبەینێوە پرۆسەی دابەشکردنی غازی شل گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و تەنها لە ڕێگەی پسولەی نەوتەوە دەبێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی لیژنەی سووتەمەنی، لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکەدا ئەم ڕێوشوێنانە دەگیرێنەبەر: لە سبەینێوە تا کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی بەرهەمهێنانی غاز، پرۆسەی دابەشکردن تەنها بەپێی پسولەی نەوتی ساڵانی ڕابردوو دەبێت. هاوکات پسولەی نەوتەکە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت و تۆمار دەکرێت، بەپێی ڕێنماییە نوێیەکەش هەر خێزانێک تەنها یەک بتڵ غازی پێ دەدرێت.

لیژنەی سووتەمەنی داوا لە هاوڵاتیان دەکات، بە هیچ شێوەیەک سەردانی کارگەکانی بەرهەمهێنانی غاز نەکەن، بەهۆی ئەوەی لە ناو کارگەکاندا بە هیچ شێوازێک غاز بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتیان نادرێت و تەنها لە ڕێگەی بریکارەکانەوە دابەش دەکرێت.

ئەم توندکردنەوەیەی ڕێوشوێنەکانی دابەشکردنی غاز لە کاتێکدایە، کە ناڕەزایەتییەکی زۆر لەسەر ئاستی شەقام دروستبووە، بەتایبەت دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیاری پێشووی خۆی بۆ هاوردەکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو پاشگەزبووەتەوە، ئەمەش باری دارایی هاوڵاتیانی لە وەرزی هاویندا قورستر کردووە.

قائیمقامیەتی هەڵەبجە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە، پێویستە هەموان بە تەواوی پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن، لە پێناو بەڕێوەچوونی ڕێکوپێکی پرۆسەکە و ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی و بازاڕی ڕەش لەم بارودۆخە هەستیارەدا.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان