لە ئیسرائیل، دوو بەرپرسی باڵای دەزگای هەواڵگریی مۆساد کە بەرپرسی دۆسیەی ئێران بوون، لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە. دوورخستنەوەشیان دوای ئەوە هات، ئەو پلانەی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران داڕێژرابوو، تووشی شکست بوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی کانی ئیسرائیلی، ئەم دوو بەرپرسە ڕاستەوخۆ بەرپرس بوون لە داڕشتنی پلانی کۆتایی بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران. سەرچاوەی پلانەکە پەیوەست بوو بەوەی هێزە کوردییەکان ڕەوانەی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێنەوە و بەرەو تاران پێشڕەوی بکەن، لە هەمان کاتدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پشتیوانیی ئاسمانییان بۆ دەستەبەر بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە مۆساد بۆ کەناڵی کان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پلانەی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵێکە بۆ خستنەئەستۆی شکستی سناریۆکە بەسەر ئەو دوو بەرپرسەدا. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، پلانی سەرەکی لە لایەن دەیڤید بارنیا، سەرۆکی پێشووی مۆساد و جێگرەکەیەوە بە پشتیوانیی تەواوی نەتەنیاهۆ ئامادە کرابوو و تەنانەت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش تاوتوێ کرابوو.
هاوكات بەشێکی دیکەی ناوەڕۆکی پلانە ئاشکراکراوەکە پەیوەندیدار بووە بە مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووتری ئێران. نەتەنیاهۆ لە هەوڵەکانیدا ترەمپی ڕازی کردبوو، کە ئەحمەدی نەژاد هاوکاریی ڕاستەوخۆیان دەکات و مەشق و ئامادەکاریی پێ کراوە تاوەکو لە ئەگەری سەرکەوتنی پلانەکە و ڕووخانی ڕژێمدا، وەک سەرۆکی نوێی ئێران دەستبەکار بێت.