مەحمود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەردەوامە.
مەحمود محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە تاوەکو ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی حکومەت و چالاککردنی پەرلەمان لا ببات و وەڵامی متمانەی هاوڵاتییان بداتەوە.
گوتەبێژی پارتی جەختی کردەوە، زۆر گرنگە کۆبوونەوەکانی داهاتوو ئەنجامی کردارییان هەبێت، نەک تەنیا کۆبوونەوە بن لەپێناو کۆبوونەوەدا. هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی حکومەت لەم ساڵدا، ئومێدی دەربڕی کە پرۆسەکە بە ئەنجام بگات.
مەحمود محەممەد ڕەخنەی لە لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکوک گرت و بە نەگونجاو و بێدیقەت وەسفی کردن. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، کەرکوک شاری پێکەوەژیانە بە ناسنامەیەکی کوردستانییەوە، بۆیە پێویستە هەر بەرپرسێک بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات و پارێزگاری لە سەقامگیریی شارەکە بکات.
گوتەبێژی پارتی گوڕانکاریی لە شێوازی کارکردنی پارتەکەی لە بەغدا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بڕیار دراوە ناوەندێکی سەرکردایەتی لە بەغدا بە دەسەڵاتی زیاترەوە دابمەزرێنرێت، کە لە لایەن هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە سەرکردایەتی دەکرێت.