ڕاستەوخۆ

ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سونەکان ناوی کاندیدانی بۆ وەزارەتەکان ڕادەستی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کرد

reset font size increase font size

ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە فەرمی ناوی کاندیدەکانی بۆ وەرگرتنی جانتا وەزارییەکان ڕەوانەی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کرد، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ یەکلاکردنەوەی پێکهاتەی کابینەی نوێ.

کەمێک پێش ئێستا نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بارەگای خەمیس خەنجەر لە شاری بەغدا، ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان و سەرکردەی حزب و هاوپەیمانییەکان کۆبووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی پێکهێنانی حکومەت و ڕێگاکانی پاڵپشتی لێکردنی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی سیاسی گفتوگۆی وردیان لەسەر کراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنەکە ناوی کاندیدەکانی بەگوێرەی مافی دەستوری و هاوسەنگی نیشتمانی ڕادەست کردووە و گوتی: "بە توندی هەر دەستوەردانێکی کەسایەتییە سیاسییەکان و لایەنەکانی دەرەوەی پێکهاتەکە لە مافە وەزارییەکانی ئەنجومەنەکە ڕەتدەکەینەوە." جەختی لەوەش کردەوە، سورن لەسەر مافی خۆیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی بەپێی ئەو چوارچێوەیەی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نیشتمانی سونەکان جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە هاوسەنگی سیاسی و کارکردن بە گیانی نیشتمانی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت سەرکەوتوو بێت و بەرژەوەندی گشتی بپارێزرێت.

ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی لە کاتێکدایە، لایەنە سیاسییەکان لە ململانێیەکی توندادان بۆ بەدەستهێنانی پۆستە سیادییەکان، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، تەواوی کابینەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە.

باشوری کوردستان
نوچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.