ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی سەر ئێرانیان دەستپێکردووە، لە یەکەم گورزی سەربازیشدا، توانیویانە لە رێی سێ مووشەکی کروزەوە تارانی پایتەختی ئێران بە ئامانج بگرن.
دوای بڵاوبونەوەی راگەیەنراوەکەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، میدیاکانی ئێرانیش هیرشی سەر وڵاتەکەیان پشتڕاست کردەوە. رایانگەیاند، دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە تاران بیستراوە، ناوچەی پاستۆری کراوەتە ئامانج، کە جێگەی بەشێک لە سەرکردەکانی ئێرانە، چەند میدیایەکی ئێرانیش، دەنگۆی لێدان لە جێگای مانەوەی خامنەییان بڵاکردەوە.
دوای هێرشەکان، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، دەستبەجێ خۆیان ئامادەبکەن بۆ کاردانەوەی هێرشی ئێران و لە نزیک حەشارگەکان بمێننەوە، بۆ پاراستنی سەلامەتی ژیانیان.