سکاڵاکەی قەتەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئێران، دوای پەرەسەندنی جەنگی ناوچەکە دێت، کە تێیدا ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، چەندین دامەزراوەی مەدەنی و پیشەسازیی لە وڵاتانی کەنداو بۆردومان کردووە و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، قەتەر دوو نامەی ئاڕاستەی ئانتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و جەمال فارس ڕوەیعی، نوێنەری بەحرێن و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ مانگی نیسان کرد، تاوەکو وردەکاریی دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەی وەک بەڵگەی فەرمی بخاتە ڕوو.
لە نامەکاندا هاتووە، هێرشەکان پێشێلکارییەکی مەترسیداریی سەروەریی نیشتمانین و ئامانجەکان تەنیا مەدەنی بوون، کە ئەمەش بەزاندنی ڕێککەوتننامەی جنێڤ و پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتییە، پێویستە ئێران پابەندبێت بە پێدانی قەرەبووی هەموو ئەو زیانانەی کە لایەنە پسپۆڕەکان لەم ماوەیەدا دیارییان دەکەن.