بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە سەردانێکیدا بۆ سەر سنووری سووریا و لە چیای حەرەمۆن(جەبەل شێخ) ، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێگا نادات هیچ سوپایەکی تێرۆر لەسەر سنوورەکانیان جێگیر ببێت و جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان تێکشکاندنی ڕژێمی ئێرانە.
نەتانیاهۆ لەو سەردانەدا کە لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئیسرائیل کاتز، و فەرماندە سەربازییەکان ئەنجامی دا، ڕایگەیاند کە کۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر ناوچەکەدا هەیە و لە ڕێگەی لوتکەی حەرەمۆن تاوەکو دەریای سپی دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکەدا دەشکێت.
ئاماژەی بەوەش دا، "هێشتا کار لەم لووتکەیانەدا ماوە و کارە سەرەکییەکەمان تێکشکاندنی ڕژێمی تێرۆرە لە ئێران، ئێمەش زۆر نزیکین لەوە."
لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆککۆمەری سووریا کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان لە ناوچەی ئەولەهیدان و لەوێ ناچن و ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی جیهادی دەبنەوە.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدا دێن کە بەپێی هەڵسەنگاندنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، تاران خەریکی ئامادەکاریکردنە بۆ هێرشێکی هاوبەش و فرەبەرە لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانییەوە لە ناوچەکە.
هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا گرژییە سەربازییەکان لە نێوان ئیسرائیل و سووریا و ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە پەرەی سەندووە.